ژنانی ئێزدی: ئێمەیان بە داعش فرۆشت و ئێستاش دژمان فیلم دەردەکەن

0
292
ژنانی ئێزدی کە لە دەستی داعش رزگار بوون، ناڕەزاییان بەرامبەری فیلمی رەشەبا پیشاندندا، ئەو فیلمە لە بارەی فەرمانی شەنگالەوە دروستکراوە، ژنانی ئێزدی دەڵێن کاتێک کە ڕزگار بووین خەڵکی بە گوڵ و بەشەکر پێشوازیان لە ئێمە کرد.
پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، هەزاران هاوڵاتی ئێزدی لە وڵاتانی دیکە پەنابەر بوون، فیلمی رەشەبا یەکەم فیلمی سینەماییە کە لە دەرهێنانی حسێن حەسەنەوە لە بارەی فەرمانی شەنگالەوە لە دهۆک دروستکراوە.
حسێن حەسەن لەو فیلمەدا باس لەوە دەکات، کە پاش ئەوەی کچانی ئێزدی لە دەستی چەتەکان رزگار بوون، کۆمەڵگای ئێزدی ئەو کچانە بە حەرام بەناو دەکەن و دەیانکوژن، چون پێیان وایە ئەو کچانە خراپ بوون و چیتر ناتوانن لە ناو کۆمەڵگادا بژین.
چەند ژنێک لەو ژنانەی لە دەستی چەتەکانی داعش رزگار بوون، بۆ ئاژانسی رۆژنیوز قسەیان کرد و وتیان، خەڵکی ئێزدی بە گوڵ و بە شەکرەوە پێشوازیان لەوان کردووە.
خێریا سلۆ کە ساڵێک و هەشت مانگ لە دەستی چەتەکاندا ماوەتەوە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”هەموو کەس زیاتر لە جاران رێزم بۆ دادەنێت، تا ئێستا یەک یەک بێڕێزی بە من نەکراوە، نە هاوژینەکەم و نە کەسانی دیکە و نە کۆمەڵگای ئێزدی هیچ بێ ڕێزیەکیان پێ نەکردووم، کاتێک ئێمە لە دەستی چەتەکان ڕزگار بووین خەڵکی ئێزدی بە گوڵ و بە شەکر پێشوازیان لێ کردین”.

خێریا باسی لە فیلمی رەشەبا کرد  وتی:”ئەو شتانەی ئەو فیلمە باسیان لێدەکات قەت روویان نەداوە  تا ئێستا کردەوەیەکی لەو چەنی رووبەڕووی ئێمە نەبوەتەوە و تەنانەت نەشبیستراوە، ئەو کەسانە دژی خەڵکی ئێزدین و بەو کارانە بەنیازن ئێزدیەکان دژی یەکتر هام بدەن”.
ژنێکی دیکەی ئێزدی بەناوی لەیلا عەلی بەم شێوەیە باسی لە مانەوە و رزگاربوونی لە دەستی چەتەکانی داعش کرد:”پێشمەرگەکانی پارتی دەیانوت گوندی کۆچۆ رزگار دەکەین و لە دەستی چەتەکانی ئێوەش ڕزگاردەکەین، بەڵام نە کەس گوندی کۆچۆی رزگار کرد و نە کەسیش بەفریای ئێمە کەوت، ئێم بە ورەی خۆمان لە دەستی چەتەکانی داعش رامان کرد، کاتێک لە دەستی چەتەکان رزگار بووین هەموو خەڵکی ئێزدی خوشحاڵ بوون و پێشوازیان لێکردین، هەم من و هەم هەموو ئەو کچ و ژنانەی لە دەستی چەتەکان رزگار بوون، ئێستا لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمان ژیان بەسەر دەبەین، ئەو شتەی لە فیلمی رەشەبادا باسی لێدەکرێت لە راستی زۆر دوورە”.
لەیلا عەلی وتیشی:”لەم دواییانەشدا ژنی براکەم هاتوەتەوە و ئێستا لەگەل منداڵەکانی دژی، ئەو شتانەی لە بارەی ئێمەوە وتراوە راست نین، ئەو فیلمە بەو مەبەستە دروستکراوە، کە ئەو فەرمانەی بە سەر ئێمە هات وەکوو ژینۆساید قبوڵ نەکرێت، بۆ ئەوەی هیچ هێزێک پشتگیری یەبەشە و یەژەشە نەکات، ئەوان بەنیازن خەڵکی ئێزدی لەبەر چاوی جیهان ڕەش بکەن”.

لەیلا عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:”ئێمە بەرامبەر ئەو درۆیانەی ئەو فیلمە بێدەنگ نابین و لە رێگای راگەیاندنەوە بۆ هەموو جیهانی روون دەکەینەوە کە ئەم شتانە دوورن لە راستیەوە، ئێمە راستی کۆمەڵگای ئێزدی بە هموو جیهان رادەگەیەنین، ئەوان ئێمەیان بە داعش فرۆشت و ئێستاش دژی ئێمە فیلمی لەو بابەتە دروست دەکەن”.
ژنێکی ئێئدی دیکە بەناوی خەولا عەلی کە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ لە دەستی چەتەکانی داعشدا بە دیلگیراوە لەم بارەیەوە وتی:”کاتێک من گەڕامەوە بەرەو خێزانەکەم لە خوشحاڵی خەریک بوو هەڵدەفڕین، بە گوڵ و بە شەکر پێشوازیان لێکردم، بە پێچەوانەی ئەو شتانەی لە فیلمەکەدا باسی لێکراوە، تەنانەت ئەو کەسانەی پێشتر دڵیان لێم ئێشابوو هاتن بۆ لام و بەخێرهاتنیان کردن، دراوسێکانمان لەو کاتە بەدوا زیاتر رێزیان گرتووین، ئێستا هەست دەکەم لەناو کۆمەڵگای ئێزدی دا خۆشەویست تر و ئازیزترم لە جاران، ئەو شتانەی لە فیلمی رەشەبادا باسیان لێکراوە درۆن”.

س.ح