گەشتێک بە نێو پەرتۆکی “ئایینی یاری”دا,لە نووسینی د. حسێنی خەلیقی

0
671
زۆر کەس لەبارەی ئایینی یاری نووسیویانە، بەڵام هەتا ئێستا کۆدەنگییەک لەبارەی گەوهەر و ئەدەبیاتی باوەڕیی ئەم ئایینە لە گۆڕێدا نییە، لەبەر ئەوەی هەرکەسەو بە پێیی زانیارییەکی سەرەتایی کە لە دنیابینیی ئەم ئایینەدا هەیەتی، شرۆڤەی بۆ کردووە. ئەوەندەی من سەرنجم داوەتێ، کەم کەس لە توێژەرانی کورد، ئێرانی و بیانی، بۆ شرۆڤەی دەقەکانی ئایینەکە پشتیان بە کەڵامەکانی پردیوەر بەستووە، بەڵکو زۆرتر کەڵامەکانی دەورانی سەیدبراکەی گۆرانیان بە سەرچاوە گرتوون کە لەوێدا تەنیا بڕێک لە یاسا و ڕێسای ئایینەکەیان بە زمانێکی سادەتر، ڕێوایەت کراوە.
کەڵامەکانی دەورانی پردیوەر بە گۆرانی کۆن نوسراون و لێکۆڵەرانی ئەم سەردەمە نەیانتوانیوە زۆر بەباشی لێکیان دەنەوە و شرۆڤەی دروستیان بۆ بکەن. بە پێیی بۆچوونی بەشێک لەو کەسانەی کە تا ڕادەیەک شارەزاییان لە شێوەزاری گۆرانی کۆندا هەیە، لە ڕەگی کەڵامەکانی پردیوەر، جۆرێک لە نیزامی ”پیر و پادشایی” هەیە، دیارە لەم بارەوە لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ ئەنجام نەدراوە و سەرچاوەیەکی جێگای باوەڕمان لەبەر دەست دا نییە. نیزامی پیر و پادشایی لە ئایینی یاریدا، چ جۆرە نیزامێک بووە و لەسەر چ بنەمایەک کۆمەڵگەی بەڕێوە بردووە، بابەتێکی زۆر گرینگ و جێگای باسە.
خاڵی هەرە گرنگ و جەوهەری کە لە ئایینی یاریدا، جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە کە ئەم ئایینە بە هێج شێوەیەک باوەڕی بە توندوتیژی نییە، واتە خاڵی بەرانبەری توندوتیژییە. مرۆڤەکانی لەسەر بنەوای ئاکار و کردەوەی چاک پەروەردە کردووە و جاڕی ئاشتەوایی داوە.
د. حسێنی خەلیقی, لە کتێبی ئایینی یاری، زۆرتر لە ڕووی کۆمەڵناسی، کولتووری و عیرفانییەوە، ئایینی یاری شرۆڤە کردووە و بە ئایینێکی سەربەخۆ و خاوەن یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی و لە کۆمەڵگە و جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێناسەی کردووە.
لە بارەی شوێنی سەرهەڵدان ئایینی یاری، نووسەر بە پشتبەستن بە هەندێک کەڵام لە سوڵتان سەهاک و یارانی یاری، دەڵێ:
ئایینی یاری بە گشتی لەسەر زەویی لوڕستان و کوردستان، بە تایبەت لە دەڤەرەکانی گۆران و هەورامان لە دایک بووە.
بناغەدانەری ئەم ئایینە، کورد و لوڕ بوون.
سوڵتان سەهاک دەڵێ:
ئێوەت حەشار، ئێوەت حەشار
جاڕ یار دەر ، ئێوەت حەشار
شێخان و حورین و بەرزنجە و هاوار
هێروێ و شوۆشمێ و بەیان و تەشار
نەوسوود و پاوە، کول ئێڵ و تەبار
جەم بوان نە جەمدا، چی پردیوەر شار
واتە ئێوەت حەشار (ناوە)، جاڕ بدە بۆ ئایینی یاری. شێخان، حوری، بەرزنجە، هاوار، هێروێ و شۆشمێ، هەروەها بەیان، تەشار نەوسوود و پاوە و گشت خێڵ و حەشیمەت، لە جەمدا کۆ ببنەوە. لەم شارەی
ئەمە سەرەتای دەستپێکردنە. دواتر بە گشتی کوردستان بە تایبەت بەشی شارەزوور تا دەوروبەری بەغدا و لوڕستان شوێنی لەدایکبوون و گەشەکردنی ئەم ئایینەن. دواتر بە سەرانسەری ئێران، تورکیا و عێراقدا، بڵاو بووەتەوە.
ئەم ئایینە لە سەرەتای چەرخی پێنجەمی کۆچیدا لە لوڕستان سەری هەڵدا.
نووسەر لە بارەی پێشینەی یاری پێیی وایە ئەم ئایینە، خاوەن ڕیشەی میتراییزم و مەزدەکییە و دەڵێ:
ئایینی یاری، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەر میتراییزم.ئایینی میتراییزم کۆنترین ئایینی کوردە کە ئێستایش پەرستگەکەی لە کەنگاوەڕ لە دەڤەری شاری کرماشاندا ماوە. وشەی میترا، واتای “ئەڤین” و “پەیمان” دەگەیەنێت. ئەم خودایە پێشتر خودای خۆر و ڕووناکی بووە و دواتر بە پارێزەری ئاسمان و زەوی ناسراوە.
بەڕای من لەم بەشەدا پێویستی دەکرد، نووسەر زۆرتر تیشکی خستبایە سەر هێما و خاڵە هاوبەشەکانی میتراییزم و ئایینی یاری.
نووسەر باس لە سەردەمی سەرهەڵدانەوەی ئایینی یاری لە پردیوەر دەکات و دەڵێ:
”ئایینی یاری، لە سەر خاکی کوردستان ، لەژێر دەسەڵاتی میرنشینەکانی کورددا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی ئیسلام، ئاشکرا بوو. ئەوجار ڕاگەیەنەرەکانی بناغەکانی ئایینەکە، مزگێنی خۆنواندی خودایان لە قەوای مرۆڤ ڕاگەیاند.”
بە پێی بۆچوونی یارانی یاری، سوڵتان سەهاک لە کۆتاییەکانی چەرخی حەوتەمی ی کۆچی (دەورەی پردیوەر) خۆی پیشان داوە و بناغەکانی ئایینی یاری، ساغ کردوەتەوە و ڕای گەیاندووە و یارانی یاری لە پرژوبڵاوی ڕزگار کردووە.
مەسەلەی ئێزدان لە یاریدا, یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی ئەم ئایینەیە، نووسەر بۆ ئەمەیان کەڵامێک بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێ: بە پێی بڕوای ئایینی یاری، بوونی ئێزدان لە پێش بوونەوە لە نێو دوڕدا بووە.
سولتان سەهاک دەفەرمێ:
داود، باچە بنیامین بەیو نە دەرگا
تا سەقام دەرمێ، ئێقرارم نیا
خە مایەی ئەلس، وەرجە هوور و ماە
دنیا بەحر بی، زەمین و سەما
چە دوڕ زیاتر نەوی هەم سەدا
جە دڵی دوڕدا، ئەی جەمم ناسا
داود وە ناز وێت قەسەم، وەر جە ئاو و با
جەم پردیوەر وە چەم وێم دیا
واتە داود بڵێ، بە بنیامین بێتە بارەگا، بۆ ئەوەی ڕاسوڕێسی بکەم، ئۆقرەم لێ بڕاوە. لە ماکەی بێسەرەتادا، بەر لە مانگ و خۆر، جیهان زەریا بوو، ئاسمان و زەوییش لە دوڕ زیاتر هاودەنگێک نەبوو، من لە دڵی دوڕدا ئەم جەمم ناسی. داود بە خۆشەویستیی خۆت بەر لە ئاو و با، جەمی پردیوەرم بە چاوی خۆم دیت.
لەم بەشەیان دا، هەردووک وشەی بارەگا و جەم، دوو چەمکی گرینگ و واتادارن لە ئایینی یاریدا و دەکرا لە چوارچێوەی نیزامی ”پیروپادشایی”دا شرۆڤەیان بۆ کرابا، بەڵام نووسەر زۆرتر وەک شوێنی ڕێوڕەسمی ئایینی و سوننەتی، ڕۆشنایی خستووەتە سەر ئەم دیاردە گرینگانە.
لەبارەی بنەمای بیروبڕوای ئایینی یاری، نووسەر دەڵێت: ئایینی یاری کە لەلایەن سوڵتان سەهاک و یارانی نۆژەنکراوەتەوە، لەسەر بنەمای یەکیێتی بوون ( وحدت وجود) و فەلسەفەی دووناودوون و مرۆڤخودایی دانراوە.
کاتێک ڕەوانی ئێزدانی بۆ جاری یەکەم لە شێوەی خاوەنکاردا خۆی نیشان داوە، تەختی ئێزدانی لە شێوازی دوڕێکدا بووە. پیربنیامین وەک یەکەمین کەس بووە لە بنباخەڵی خاوەنکار دەرهاتووە. خاوەنکار پەیمانی لەگەڵ بەستووە و ڕاستیی نیشان داوە و هەردووک جیهانی پێ داوە.
لێرەدا دیارە، ئەم تێڕوانینەی یاری، باس لە فەلسەفەی دوونادوون دەکات. لای یارسانییەکان ڕەوانی ئێزدان وەک تیشکی خۆرە، چونکە ئەو تیشکە دەتوانیت بچێتە گشت دەفرێکەوەو ڕەنگی ئەو بگرێ. بەڵام ئێزدان و خۆر یەک شت نین، ئێزدان خودای خۆرە( بیری میتراییزم). کورد خۆرپەرەست نەبووە، بەڵکوو خودایەکیان پەرەستش کردووە کە خودای ڕووناکییە. ئەوان پێش دۆزینەوەی ئاگر، ڕووناکییان لە خۆر و بروسکەدا دیوە و ڕێزیان لێ گرتووە و دوای دۆزینەوەی ئاگر، لەبەر ئەوە ڕووناکیی هەبووە، ڕێزیان لەویش گرتووە و بە شتێکی پیرۆزیان لەقەڵەم داوە.
پیر ئەحمەدی کەرکووکی لە سەدەی شەشی کۆچیدا دەڵێ:
ئەز ئەحمەدی زێڕین بەرم
ئەز ئەو دوڕەی ناو گەوهەرم
ئەرز و سەمایە لەنگەرم
لە ڕۆژ حەساو ئەز لە دەرم
واتە من ئەحمەدی پێشین زێڕینم، من ئەو دوڕەی نێو گەوهەرم، زەوی و ئاسمان منیان ڕاگرتووە و لە ڕۆژی لێپرسینەوەیشدا لێم ناپرسنەوە.
لەبارەی تایبەتمەندیی یاری و جیاوازیی لەگەڵ ئایینە سامییەکان، نووسەر باس لە ڕۆڵی ئافرێنەر دەکات و دەڵێ:
یاری بە پێچەوانەی ئایینە سامییەکان کە پێیان وایە خودا ئافرێنەری مرۆڤ و گەردوونە و هەر بە تەنیا گەردوون هەڵدەسۆڕێنی، لەسەر ئەو بڕوایەیە دایە خودا بۆ هەڵسۆڕاندنی گەردوون خاوەن چەندین بڕواپێکراوە کە بە یاران ناودێر کراون.ئەمە بەو واتایەیە کە خودا ڕاستەوخۆ دەست ناخاتە نێو کاروباری مرۆڤ و مرۆڤ بۆ خۆی وەک بوونەوەرێکی تێگەیشتوو، ئازدە لە هەڵبژاردنی هەر جۆرە ڕێگا و ڕێبازێک. یارانی خودا یان خاوەنکار، لای یارسانییەکان بریتییە لە یارانی حەفتەن.
پیر لە یاریدا، کورتەی وشەی پیرۆزە و مەزنترین بوونەوەری پاش خودایە.
یاری وەک ئایینە سامییەکان لە پێشدا چارەنووسی مرۆڤ نانووسێتەوە و هەمووشتێکی بۆ دەستنیشان ناکات، بەڵکوو پێیی وایە مرۆڤی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو دەتوانێت بەو ئاکارانەی کە هەیەتی، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.
دوونادوون یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی ئایینی یارییە، ئەم چەمکە لەبەر ئەوەی شرۆڤەی جیاوازی بۆ کراوە، زۆر جار کێشەی لێ ساز بووە و بووەتە هۆی ئەوەی یاری وەک بەشێک لە ڕێبازی تەسەوفی و شیعەی توندڕەو لە قەڵەم بدەن، هۆکارەکەشی ئەو پەسنە هاوبەشەیە کە لەم چەمکەدا هەیە.
نووسەر لەم بارەوە دەنووسێت: یارسانییەکان بڕوایان بە مردن نییە، واتە مردن لە ئایینی یاریدا بریتییە لە گەڕوانی ڕەوان لە جەستەیەکەوە بۆ لەشێکی دی. دوای ئەوەی ڕەوان هەزارن جار گەڕا، دەگەڕێتەوە نێو ڕەوانی ئێزدان.
یاران نەترسان نەی سیاسەتە
تەسلیم گیانان چوون قویتەی بەتە
هەرکە بناسوو شوون جامەی وێش
نەی کووچ و ڕەورەو نەدارو ئەندێش
سەرنجێکی تایبەت!
نووسەر،لە چەند شوێندا، ناوی ڕەمزبار بە ڕێزبار هێناوە. دیارە ڕەمزبار ناوی خوازراوی دایە دایراک، دایکی سوڵتان سەهاکە. ڕەمزبار بە واتای هەڵگری ڕازە، بەڵام ڕێزبار واتای هەڵگری ڕێزە، هەر بۆیە گۆڕینی ڕەمزبار بە ڕێزبار هەڵەیکی زەقە، چونکە واتا و گەوهەری ئەسڵی ناوەکە دەگوڕێت.
ئەنجام:
کتێبی ئایینی یاری، د. حوسێن خەلیقی بۆ کەسانێک کە بیانەوێت لەبارەی چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئایینی یاری، شوێن و جوگرافیای کۆمەڵگەی یارسان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی یارسان، داب و نەریتی کۆمەڵگەکە و هەندێک لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یاری، زانیاری سەرەتایی بە دەست بێنن، سەرچاوەیەکی باش و بە کەڵکە.
بۆ ئاگاداری خوێنەران، ئەم چاپەی کتێبی ئایینی یاری، کە لە چاپخانەی غەزەڵنووس چاپ و بڵاو بووەتەوە لە ڕووی ڕێنووس و ڕێزمانەوە لە چاپەکانی بێشتری باشترە، لەبەر ئەوەی نووسەر و زمانزان، بەڕێز کاک مەسعود بابایی پێداچوونەوە بۆ زمانەکەی کردووە.
✍ سارۆ خوسرەوی