له‌باره‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیره‌وه‌

0
277

ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر، كه‌ كورد به‌ڕێكه‌وتننامه‌ شومه‌كه‌و فارس به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن، عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیری هه‌ڵوه‌شاوه‌و عه‌ره‌بی شیعه‌ش به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئێران ناوی ده‌به‌ن، ڕۆژی‌ (6)ی ئاداری ساڵی (1975) له‌جه‌زائیر، له‌په‌راوێزی كوبونه‌وه‌یه‌كی ڕێكخراوی ئۆپیكدا، له‌نێوان (سه‌دام حسێن) جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌ی‌ عێراق‌و (ڕه‌زاشا په‌هله‌وی) شای‌ ئه‌و كاته‌ی‌ ئێران، به‌چاودێری‌و ئاماده‌بونی (هواری بۆمدین) سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی‌ جه‌زائیر واژۆكرا.

عێراق‌و ئێران مێژویه‌كی دورو درێژیان له‌ناكۆكیدا هه‌یه‌، كه‌ پرسه‌كانی پێكهاته‌ی‌ (سوننه‌‌و شیعه‌)، سنور، وزه‌و دابه‌شبونی كورد به‌سه‌ر هه‌ردوو وڵاتدا، له‌سه‌ره‌كیترین خاڵی ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ن‌و هه‌ندێك له‌كێشه‌ زه‌قه‌كانیان تا ئێستا به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌.

ئێران به‌درێژایی مێژوو پێیوابوه‌، هێڵی (عه‌قر) له‌سنوری پارێزگای به‌سره‌دا، سنوری سروشتی نێوان عێراق‌و ئێرانه‌، به‌و پێیه‌ش به‌شێك له‌پارێزگای به‌سره‌و هه‌ندێك شوێنی ستراتیژی له‌شه‌تولعه‌ره‌ب ده‌بێته‌ موڵكی ئێران، كه‌ تا ئێستاش له‌سنوری عێراقدان، به‌ڵام به‌لای عێراقیه‌كانه‌وه‌ ئه‌و بۆچونه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌و پێیانوایه‌، سنوری سروشتی نێوان عێراق‌و ئێران به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستایه‌، كه‌ به‌شێكی زۆری ئاو‌و زه‌وییه‌كانی پشت هێڵی عه‌قر ده‌كه‌ونه‌ ژێر ده‌ستی عێراقه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئێران به‌موڵكی خۆی ده‌زانێت.

ساڵی (1937)، كه‌ ئه‌وكات عێراق له‌ژێر ئینتدابی به‌ریتانیادا بوو، مه‌ندوبی سامی به‌ریتانیا له‌به‌غدا بڕیاری دیاریكردنی سنوری نێوان عێراق‌و ئێرانیدا، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستایه‌، ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ستبه‌جێ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌و به‌بڕیارێكی داگیركارانه‌ی‌ ئینگلیز لێكدرایه‌وه‌و ئێران سوربونی خۆی له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ زه‌وییه‌كه‌ی‌ سنوری به‌سره‌ نیشانده‌داو باسی له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ هێڵی عه‌قر سنوری ڕاسته‌قینه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئێرانه‌، به‌ڵام عێراق ئه‌و بۆچونه‌ی‌ ئێرانی ڕه‌تده‌كرده‌وه‌و پشتیوانی له‌و دیاریكردنه‌ ده‌كرد، كه‌ به‌ریتانیا له‌و كاته‌دا دیاریكردبوو.

ساڵی (1913)، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی‌و عوسمانی، كه‌ ئه‌و كاته‌ عێراق له‌ژێ ده‌ستی عوسمانیه‌كاندا بوو، ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كیان واژۆكرد، به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌، هێڵی عه‌قر كه‌ ده‌كاته‌ شوێنی خوڕبونه‌وه‌ی‌ ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب، سنوری نێوان عێراق‌و ئێران بێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ خۆشحاڵی فارسی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب به‌نابه‌دڵییه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد‌و پێیانوابوو، سته‌م له‌عێراق كراوه‌وه‌و به‌شێك له‌خاكه‌كه‌ی‌ دراوه‌ به‌ئێران، به‌ڵام دوای بڕیاری حكومه‌تی به‌ریتانیا له‌ساڵی (1937)دا، كه‌ سنوری نێوان عێراق‌و ئێرانی به‌خواستی عه‌ره‌ب دیاریكرد، عێراق له‌ساڵی (1969)دا به‌فه‌رمی ئێرانی ئاگاداركرده‌وه‌، ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی‌ ساڵی (1913)ی نێوان سه‌فه‌وی‌و عوسمانیه‌كان، لای عێراق هیچ به‌هایه‌كی نییه‌و دانی‌ پێدانانێت‌و سنوری ڕاسته‌قینه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئێران به‌وشێوه‌یه‌یه‌، كه‌ به‌ریتانیا دیاریكردوه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ عێراق ئێرانی زیاتر نیگه‌رانكردو بوه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی‌، شای ئێران زیاتر بیر له‌هاوكاریكردنی شۆڕشی كورد به‌سه‌رۆكایه‌تی (مه‌لامسته‌فا بارزانی) بكاته‌وه‌، شای ئێران پشتیوانیه‌كانی بۆ شۆڕشی كورد زیادكرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كورد زیاتر حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقی ته‌نگاوكرد‌و ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ستی به‌لاوازی ده‌كرد به‌رامبه‌ر به‌شۆڕشی كورد.

به‌هێزبونی شۆڕشی كورد بوه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی‌، حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی‌ عێراق بیر له‌ڕێگه‌چاره‌ی‌ دیكه‌ بكاته‌وه‌ بۆ كپكردنه‌وه‌ی‌ شۆڕش، دوای ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند خولێك گفتوگۆ له‌نێوان مه‌لامسته‌فاو ڕژێمی ئه‌و كاته‌ی‌ عێراقدا ئه‌نجامدرا، ده‌وڵه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌، كورد له‌داواكاریه‌كانی سازش ناكات‌و بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ شۆڕشی كورد لاواز ناكرێت، هه‌ر بۆیه‌ بیری له‌ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش ڕێكه‌تننامه‌ی‌ جه‌زائیر بوو.

ڕۆژی (6)ی ئاداری ساڵی (1975)، به‌ئاماده‌بونی هواری بۆمدین سه‌رۆكی جه‌زائیر، هه‌ریه‌ك له‌سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و ڕه‌زاشا په‌هله‌وی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌یان واژۆكرد، كه‌ به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر ناسراوه‌، له‌ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا عێراق ڕازیبوو به‌وه‌ی‌ سنوری ڕاسته‌قینه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئێران هێڵی عه‌قر بێت له‌پارێزگای به‌سره‌، به‌و پێیه‌ش به‌شێكی زۆر له‌خاكی عێراق ده‌درا به‌ئێران، كه‌ چه‌ندین ناوچه‌ی‌ ئاوی‌و وشكانیی زۆر گرنگ‌و ستراتیژی له‌خۆده‌گرت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بوو شای ئێران واز له‌پاڵپشتیكردنی شۆڕشی كورد بهێنێت، به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ برده‌سه‌ر‌و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلولی لێكه‌وته‌وه‌.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر:

دوای ئه‌وه‌ی‌ (خومه‌ینی) شۆڕشی له‌ئێران ئه‌نجامداو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ شا ڕوخێندرا، عێراق هه‌ستی به‌نیگه‌رانییه‌كی زۆر كرد له‌به‌رامبه‌ر دروستبونی ده‌وڵه‌تێكی شیعه‌مه‌زهه‌ب له‌پاڵ عێراقه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ عێراق له‌ساڵی (1980)‌و دوای پێنج ساڵ له‌واژۆكردنی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌و دوای یه‌ك ساڵ له‌دروستبون‌و سه‌ركه‌وتنی شۆڕش له‌ئێراندا، یه‌ك لایه‌نانه‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش نێوان هه‌ردوو وڵاتی زیاتر گرژكرد.

هۆكاره‌كانی پشت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر:
چه‌ندین هۆكار له‌پشت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیره‌وه‌ بون، له‌هه‌مویان دیارتر به‌رپابونی شۆڕشی ئێران بوو به‌ڕابه‌رایه‌تی (خومه‌ینی)، له‌كاتی زیاتر بڵێسه‌ سه‌ندنه‌كانی شۆڕشی خه‌ڵكی ئێران له‌ساڵی (1979)دا، ئه‌و دروشمه‌ی‌ خومه‌ینی عێراقی ڕاده‌چه‌ڵه‌كاند، كه‌ ده‌یوت”ڕێگه‌ی‌ چونمان بۆ قودس به‌كه‌ربه‌لادا تێپه‌ڕده‌بێت”، عێراق ئه‌و دروشمه‌ی‌ به‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌زانی، هه‌روه‌ها له‌ (9-11-1979)دا، چوار جار كونسوڵگه‌ری عێراق له‌تاران ڕوبه‌ڕوی هێرش بوه‌وه‌و شۆڕشگێڕان هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر، له‌ (30-4-1980)دا، (سادق قوتب زاده‌) وه‌زیری ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران، له‌دیمانه‌یه‌كی ڕادیۆی (مۆنتیكارلۆ)ی فه‌ڕه‌نسیدا وتی:”عێراق به‌شێكه‌ له‌ئێران‌و هه‌موو وڵاتانی كه‌نداویش به‌پێی مێژوو به‌شێكن له‌خاكی ئێران”.

له‌ (15-5-1980)دا، ئێران جارێكی دیكه‌ به‌فه‌رمی ڕایگه‌یاند، وڵاتی به‌حره‌ین به‌شێكه‌ له‌خاكی ئێران‌و به‌پێی ده‌ستوری نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌حره‌ین هه‌رێمی چوارده‌یه‌می ئێرانه‌و عێراقیش به‌شێكه‌ له‌ئێران‌و كاتی خۆی (شا) ڕازیبوه‌ عێراق له‌ئێران داببڕێندرێت، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی به‌وه‌ ڕازی نابێت‌و عێراق ده‌كاته‌وه‌ به‌به‌شێك له‌ئێران، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی ئێران له‌ساڵی (1980)دا نامه‌یه‌كی خومه‌ینی خوێنده‌وه‌، كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئایه‌توڵڵا (محه‌مه‌د باقر سه‌در) دامه‌زرێنه‌ری حزبی ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی كردبوو له‌عێراق، داوایكردبوو خه‌ڵكی عێراقیش هاوشێوه‌ی‌ ئێران شۆڕش دژی به‌عس به‌رپابكه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ توڕه‌بونی عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن لێكه‌وته‌وه‌.

له‌ڕۆژی (4-9-1980)دا، هێزه‌كانی ئێران له‌باشوری عێراقه‌وه‌ هێرشیانكردو هه‌ردوو شارۆچكه‌ی‌ (زه‌ین قه‌وس‌و سه‌یف سه‌عد)ی عێراقیان داگیركرد، كه‌ ده‌كه‌وتنه‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانه‌وه‌، عێراق ئه‌وه‌ی‌ به‌به‌رپاكردنی جه‌نگ ناوبرد‌و به‌فه‌رمی ئێرانی ئاگاداركرده‌وه‌، له‌لای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش سكاڵای له‌سه‌ر ئێران تۆماركرد‌و رێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیری به‌فه‌رمی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

له‌ (19-9-1980)دا، ئێران گه‌روی هورمزی داخست، كه‌ كه‌شتییه‌ نه‌وتبه‌ره‌كانی عێراقی پێدا تێپه‌ڕده‌بوو، ئه‌وه‌ش وه‌ك گه‌مارۆیه‌ك بۆ سه‌ر عێراق، له‌ڕۆژی (22-9-1980)دا، عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فه‌رمانی به‌هێزه‌كانی سوپا كرد، ته‌قه‌ له‌سوپای ئێران بكه‌ن‌و جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو له‌نێوان عێراق‌و ئێراندا به‌رپاكرا، كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ هه‌شت ساڵی خایاندو سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌هه‌ردولا بونه‌ قوربانی‌و ئابوریی هه‌ردوو وڵاتی وێرانكرد.

چاودێرانی سیاسی باوه‌ڕیان وایه‌، جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئێران به‌هۆی ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیره‌وه‌ بوه‌، پێشیانوایه‌ بونی كورد له‌عێراقدا هۆكاری سه‌ره‌كی واژۆكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر بوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر عێراق مافی كوردی دابینبكردایه‌، پێویستی به‌وه‌ نه‌بوو ڕێكه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا واژۆ بكات‌و ئه‌و جه‌نگه‌ قورس‌و ماڵوێرانكه‌ره‌شی لێنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌.سایتی هەولێر