پەیامی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد لە پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ گوڵان لە باکوری کوردستان

0
2292

کوردستان وڵاتێکە کە بێ ویست و داخوازی خەڵکەکەی لە نێوان چەند وڵات داگیر و دابەش کراوە هەر بۆیە هەر کاتێک دەرفەتێک هاتبێتە پێش گەلی کوردستان هەوڵی داوە خۆی بە ڕێکخستن بکات و لە پێناو ڕزگاری نیشتیمانەکەی و دەست خستنی مافە رەواکانی تێبکۆشێت.
مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستان ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە کورد هیچ کاتێک لە سەنگەر دژی داگیرکەران تووشی شکست و شکان نەبووە بەڵام دوبەرەکی و ناوچەگەری و ئایین و ئایینداری بۆتە گەورەترین کێشە لە بەر دەم کورد و خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی .
ئەردۆغان و ئاکەپە نزیکەی بیست ساڵە دەسەڵاتی سیاسی تورکیایان خستۆتە ژێر رکێفی خۆیان بە درێژایی ئەم ٢٠ ساڵە بە پلان و بەرنامە و لە ژێر ناوی ئایین دژی گەلی کورد و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی وڵات دوژمنکاریان ئەنجام داوە و دەستیان بە خوێنی کوردان سوورە و ئەورۆیش بانگەشەی ئەردۆغان و ئاکەپە بۆ مانەوە لە دەسەڵات لە سەر قڕکردنی گەلی کوردستان و خەباتکارانی کوردە.
ئێمە وەک یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد داوا لە گەلی کوردستان بە گشتی و کوردانی باکوور بە تایبەتی دەکەین تەواوی هێز و توانای خۆیان بخەنە گەڕ هەتاکوو دەسەڵاتی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بە زبڵدانی مێژوو بسپێرن بە تێکشکانی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە کورد دوژمنێکی دڕندە و سەرسەختی خۆی بە چۆکدا دەدات و هەنگاوێک لە ئاوات و ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە .
هیواخوازین کە دەنگدەرانی کورد لە باکوور بتوانن تێکڕای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیان بنێرنە پەرلەمانی تورکیا و هێز و قورسایی خۆیان بە دۆست و دوژمن بسەلمێنن.
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و ڕێکخراوی یاری کورد