ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد : وێرای پشتگیری لە قەدەم خێر حەقانی زادە و بنەماڵەکەی، هەڵسوکەوتی پۆلیسی دانمارک بە توندی مەحکووم دەکەین.

0
1643

ڕۆژی ١ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زایینی ژنە پەنابەری کورد قەدەم خێر حەقانی زادە بە مەبەستی دیپۆرت کرانەوەی بۆ ئێران لە لایەن پۆلیسی وڵاتی دانمارکەوە ڕووبەڕووی توند و تیژی و لێدان و بێحورمەتی کراوەتەوە و هاوکات دادگای ئەو وڵاتەش بڕیاری مانگێک زیندانی بە سەر دا سەپاندووە

قەدەم خێر حەقانی زادە کە خاوەنی سێ منداڵە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە گەڵ هاوسەرەکەی (( سیرووس عەزیزی زادە)) داوای مافی پەنابەریان لە وڵاتی دانمارک کردووە، بە بیانووی ئەوەی کە لە ئێران هیچ گرفتێکیان نییە، مافی پەنابەرییان پێنەداون و دەوڵەتی دانمارک و ئیدارەی پەنابەری ئەو وڵاتە بڕیاری دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران بۆ دەرکردوون.
بڕیاری ئیدارەی پەنابەری و دەوڵەتی دانمارک لە حاڵێکدایە کە جیا لەوەی ئەو ژن و مێردە و بنەماڵەکانیان سەر بە ئایینی یارسانن و پێڕەوانی ئەو ئایینە هیچ چەشنە مافێکی ئایینیان لە یاسای بنەڕەتیی ئێران دا نییە و بەردەوام لە گەڵ کێشە و گرفتی دەزگا ئەمنیەتیەکانی ئێران بەرەوڕوو دەبنەوە، هاوکات جگە لەوەی ئەو بنەماڵە بۆ خۆیان چالاکی سیاسین، باوکی قەدەم خێر حەقانی زادە بە ناوی عەسکەر گوڵە لە تایفەی قەڵخانی بە هۆی چالاکی سیاسی لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە تیرۆر و گیانی لێ ئەستێندراوە و هەروەها باوکی سیرووس عەزیزی زادەی هاوسەری قەدەم خێریش بە ناوی سوڵتان موراد لە بەندیخانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە سێدراە دراوە.
ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی لە بنەماڵەی قەدەم خێر حەقانی زادە داوا لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی دانمارک و بە تایبەتی ئیدارەی پەنابەریی ئەو وڵاتە دەکا کە وێڕای داوای لێبوردن لەو بنەماڵەیە، مافی پەنابەرییان پێ بدرێ .
وەک ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە ئەگەری گەڕاندنەوە و دیپۆرت کردنەوەی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئێران کە لە ترسی گیان و ژیانیان پەنایان بۆ وڵاتی دانمارک هێناوە ، بە دڵنیاییەوە لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی ئێرانەوە تووشی گرفتی گەورەی زیندان و ئەشکەنجە دەبنەوە و ئەو کات بەرپرسیارێەتیی گیانیی ئەو بنەماڵەیە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و ئیدارەی پەنابەریی وڵاتی دانمارک.
هاوکات داوا لە سەرجەم داکۆکیکاران و ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چ لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان و چ لە ئاستی جیهانی و نێونەتەوەیی دا دەکەین کە هاوار و دەنگی بنەماڵەی حەقانی زادە و هەموو ئەو کوردانە بن کە بە ناچاری و لە ترسی گیانیان زێد و وڵاتی خۆیان بە جێهێشتوە و داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە.
ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد داوا لە سەرجەم ئەو کەسانە کە بە هۆی یارسانی بوون و چالاکیی سیاسیەوە ناچار کراون، خاکی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئورووپایی بەجێ بێڵن و داوای مافی پەنابەری بکەن، دەکا: تاکوو پێوەندیمان پێوە بکەن و بە دڵنیایەوە ئێمە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتی و پشتگیری و پشتیوانیان دەبین.

ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
٥ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زایینی